فەرماندەیەکی سوپای پاسداران کوژرا و باس لە دابەزینی هێزی بیانیش دەکرێت
سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان کوژرانی ئەفسەرێکی باڵای خۆی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی سەربازیدا ڕاگەیاند. هاوکات بەرپرسانی حکومی جەخت لە جێگیریی دۆخی ئەمنی دەکەنەوە و ئەو دەنگۆیانە بێبنەما دەکەن کە باس لە دابەزینی هێزی بیانی دەکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی سوپای پاسداران، پلەدارێک بە ناوی داوود ساکی، کە سەر بە یەکەی 57ـی پارێزگای لوڕستان بووە، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییە نەتەقیوەکانی بۆردوومانە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی سەر ناوچەکە، گیانی لەدەستداوە.
لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە هێزی سەربازیی بیانی لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە لە ناوچەی”قەلایی” دابەزیون، لە بەرانبەردا، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە توندی ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە و گوتیان: هیچ جۆرە جموجۆڵێکی هێزی بیانی لە ناوچەکەدا بوونی نییە. ئەو پڕوپاگەندانە لە ئەنجامی زیادبوونی چالاکییە ئەمنییە نێوخۆییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە سەریان هەڵداوە و دۆخی ئەمنی بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە.