فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا: بێدەنگیی حکومەتی فیدراڵ هاندانی ناڕاستەوخۆی تێرۆریستانە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە “تێرۆریستییە” دەکات کە ئەمشەو هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی ژن و مێردێکی سڤیل.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی رای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کراوە، فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: “بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێرۆریستییە ناڕەوا و ترسنۆکانەیە دەکەین کە ئەمشەو هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی ژن و مێردێکی سڤیل لەناو ماڵ و حاڵی خۆیاندا و بێبەشکردنی دوو منداڵی بێتاوان لە ئامێزی دایک و باوکیان.”

فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم تاوانە هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و مرۆیی هەڵناگرێت و “پێشێلکردنێکی راشکاوی هەموو بەها مرۆییەکان و بنەما نێودەوڵەتییەکانە.”

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق گیراوە و هاتووە: “بێدەنگیی سیاسی و نەبوونی رێکاری کردەیی حکومەتی فیدراڵ، نەک هەر نیشانەی بێدەسەڵاتییە، بەڵکو بووەتە ژینگەیەکی لەبار و هاندانێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەوانەی لە پشت ئەم کردەوە تێرۆریستییانەن تاوەکو بێباکانە درێژە بەو تاوانانە بدەن.”

فراکسیۆنی پارتی داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتییە دەستووری و یاساییەکانی خۆی لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و دەڵێت: “چیتر رەوا نییە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کراوەی ململانێیەکان.”

هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن لە ئاست ئەم دەستدرێژییانە بێدەنگ نەبن، چونکە تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتیی عێراق و ناوچەکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، فراکسیۆنی پارتی دووپاتی دەکاتەوە کە “ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ژیان و مانەوە، بە هیچ پەلامارێکی تێرۆریستی نانەوێت” و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆیان بۆ کەسوکاری شەهیدان دەربڕیوە.

ھەواڵی زیاتر