سەرۆک بارزانی: شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیل هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نییە

بەهۆی ‌هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەرێمی کوردستان، دوو کەس شەهید بوون و سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیل هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نییە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی

شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتییانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بەبێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە.

شەهیدبوونی ئەو دوو هاووڵاتییە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات.

شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نییە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.

ھەواڵی زیاتر