لە کاتێکدا جەنگی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران چووەتە 39ـیەمین ڕۆژی خۆیەوە، هەرێمی کوردستان باجێکی خوێناویی قورس دەدات. لە نوێترین پەرەسەندندا، جارێکی دیکە خوێنی هاووڵاتییانی سڤیل لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا ڕژا.
هێرشی سەر گوندی زەرگەزەوی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسانی 2026، کاتژمێر 00:15ـی بەرەبەیان، کارەساتێکی مرۆیی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕوویدا، کاتیک بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە هێرش کرایە سەر گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیەی دارەشەکران، هیرشەکە ڕاستەوخۆ بەر خانوویەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوسەر بە ناوەکانی مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ مژدە ئەسعەد حەسەن.
کۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان
تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 16 شەهید و 94 بریندار تۆمار کراون، هاوکات دەیان خانوو، ئۆتۆمبێل و مومتەلەکاتی هاووڵاتییان بە تەواوی وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
شیکاریی دۆخەکە
ئەم هێرشە نیشانەی ئەوەیە کە ئیتر هیچ هێڵێکی سوور بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان نەماوە. ئاراستەکردنی درۆن لەلایەن ئیران و گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ ناو ماڵی هاووڵاتییان لە گوندێکی وەک زەرگەزەوی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر وڵاتەکەی.
شەهیدبوونی ئهو دوو هاوسهره، دیمەنێکی دیکەی غەدرێکی گەورەیە کە لە گەلی کورد دەکرێت لە ململانێیەکدا کە هیچ لایەنێکی نییە. بەردەوامیی ئەم هێرشانە و بێدەنگیی نێودەوڵەتی، ژیانی زیاتر لە 6 ملیۆن مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان خستووەتە ژێر هەڕەشەی جیدییەوە.