ترەمپ دەڵێ چەکمان داوە بە حیزبەکانی رۆژهەڵات و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، ئاشکرای کرد کە واشنتن لە ڕێگەی لایەنە کوردییەکانەوە بڕێکی زۆر چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی ناوخۆی ئێران ناردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە پێدەچێت کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان بردبێت و نەگەیشتبێتە دەستی خۆپێشاندەران.
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و ڕایگەیاند، ئەگەر بە خێرایی ڕێککەوتن واژۆ نەکەن، بژاردەی سەربازی دەگرێتە بەر و پەکی ژێرخانی ئابووری، پردەکان و وێستگەکانی کارەبا دەخات، تەنانەت دەست بەسەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەشدا دەگرێت.

سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ترەمپ باسی لەوە کرد کە گەشبینە بە دیپلۆماسی و لێبووردنی بۆ ئەو بەرپرسە ئێرانییانە دەرکردووە کە خەریکی دانوستاندنن تا بەبێ ترس لە تێرۆرکردن بەردەوام بن.

لە بەرانبەردا، پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەر یەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و پارتی ئازادیی کوردستان) بە توندی ئەم قسانەی ترەمپیان ڕەتکردەوە.
ئەو حیزبانە لە لێدوانی جیادا جەختیان کردەوە کە هیچ چەک و فیشەکێکیان لە ئەمریکا یان هیچ وڵاتێکی دیکە وەرنەگرتووە و تەنانەت ئاگاداری بوونی پڕۆسەیەکی لەو شێوەیەش نین. بەرپرسانی ئەو پارتانە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو چەکانەی لەبەردەستیانە مێژووەکەیان بۆ چەندین دەیەی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە یان لە بازاڕ کڕیویانە، جەختیشیان کردەوە کە ستراتیژی ئەوان بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵک پشت بە خەباتی مەدەنی دەبەستێت نەک تووندوتیژی و چەکداری.

ھەواڵی زیاتر