شەوی ڕابردوو، شەش ئەندامی یەک خێزان بەهۆی خواردنی قارچکی کێویی ژەهراوییەوە، باری تەندروستییان تێکچوو و بەپەلە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران بۆ وەرگرتنی چارەسەری.
بەهۆی بارانبارینی زۆر و بووژانەوەی ژینگەی کوردستان، ئەمساڵ قارچک و گیا بەهارییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. نەخۆشخانەی ئاشتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، ئەو خێزانە دوای خواردنی قارچک نیشانەکانی ژەهراویبوونیان تێدا دەرکەوتووە و ڕەوانەی بەشی فریاکەوتن کراون.
پزیشکانی نەخۆشخانەکە هۆشداری دەدەن کە نیشانەکان لە نێوان چەند خولەکێک تا 24 کاتژمێر دوای خواردنەکە دەردەکەون، گرنگترینیان ئەمانەن:
ژانی سک، سکچوون و ڕشانەوەی توند.
ئارەقەکردنی زۆر.
سەرئێشەی بەهێز و لە هەندێک حاڵەتیشدا گەشکە.
نەخۆشخانەی ئاشتی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەبێ شارەزایی تەواو دەست بۆ چنینی قارچکی کێوی نەبەن، چونکە جیاکردنەوەی جۆرە سوودبەخشەکان لە ژەهراوییەکان کارێکی ئاسان نییە.