پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی

سەرۆک بارزانی، لە ساڵیادی جیۆناسایدکردنی کوردانی فەیلی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردانی فەیلی بکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی فەیلیە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە. كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەرەبەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیانهەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێك لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا.

لەیادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات. لەو یادەدا ڕۆڵی تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەرگیز لەیاد ناكرێت و كوردی فەیلی هەمیشە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.

ھەواڵی زیاتر