سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و دەڵێت، ئەم جۆرە کردەوانە قبووڵکراو نین.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک رایگەیاند: “بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین. کردەوەی لەم شێوەیە قبووڵکراو نییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.”
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەریی یاسا نیشانداوە و داوای ئەنجامدانی “لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش” دەکات بۆ دەستنیشانکردنی بکەرانی هێرشەکە و دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوەیان. راشیگەیاندووە: “ئێمە ئامادەین بە هەر شێوەیەکی پێویست پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەین.”
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن بۆ رێگریکردن لە هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی پەرەپێدانی گرژییەکان و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەدەن.
ئەم پەیامەی سەرۆکی یەکێتی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ شەممە، ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک بە درۆن کرایە ئامانج، بەڵام زیانی نەبوو.