ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەکات و بە “پێشهاتێکی مەترسیدار” ناوی دەبات.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: “ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدارە و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.”
سەندیکای رۆژنامەنووسان لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کردووە و دەڵێت: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بووە و بەردەوام دەستپێشخەریی بۆ پاراستنی ئارامی هەبووە، هاوکات هەرێمی کوردستانیش وەک دۆستێکی راستەقینەی دراوسێکانی ماوەتەوە.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، سەندیکاکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رێکاری خێرا بگرێتەبەر و هاتووە: “داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین بە زووترین کات بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەستگیر بکات و سزای یاسایییان بدات.”
ئەم هەڵوێستەی سەندیکای رۆژنامەنووسان لەکاتێکدایە کە هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.