ترەمپ بە کوردی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی فەرمیی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشت، ئەوەش بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە.

پەیامی ترەمپ: نەورۆز سەرکەوتنی ڕووناکییە

دۆناڵد ترەمپ لە نامەکەیدا، وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بۆ نێچیرڤان بارزانی و گەلی کورد، ئاماژەی بە ڕەهەندە مرۆیی و گەردوونییەکانی ئەم جەژنە کردووە و نووسیویەتی: نەورۆز تەنها ئاهەنگگێڕان نییە بە هاتنی بەهار، بەڵکو بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە گوزارشتێکی ساڵانەیە لە هێزی سەرەتا نوێیەکان.”

لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواستووە کە ئەم ساڵە ببێتە مایەی بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و شکۆی مرۆڤ، داوای لە خودا کردووە ساڵی نوێ بۆ هەمووان پڕ بێت لە خێر و خۆشی.

ترەمپ وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەلانەی یادی نەورۆز دەکەنەوە، لە کۆتاییی نامەکەیدا وەک ڕێزێک بۆ کلتوور و زمانی کوردی، وەک بەشێک لە پەیامەکە بە زمانی کوردی نووسیویەتی: نەورۆز پیرۆز.

ھەواڵی زیاتر