تایلەند و ئێران ڕێککەوتن؛ گەرووی هورمز بۆ کەشتییەکانی بانکۆک ئارام دەبێت

لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تەنگەژەی وزە، حکومەتی تایلەند ڕێککەوتنێکی فەرمیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند و بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی تایلەند دەتوانن بە شێوەیەکی ئارام و سەلامەت بە ناو گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێپەڕ ببن.

ئەنوتین چارنڤیراکۆل، سەرۆکوەزیرانی تایلەند، لە لێدوانێکی فەرمیدا جەختی کردەوە لەوە ئەم هەنگاوە کلیلە بۆ پاراستنی سێکتەرەکانی پیشەسازی و گواستنەوەی وڵاتەکەی. لە کاتێکدا تاران بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە هاتوچۆی لە گەرووەکەدا سنووردار کردووە، تایلەند توانیویەتی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە گەرەنتیی گەیشتنی سووتەمەنی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات.

خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانی سەرۆکوەزیرانی تایلەند:

پاراستنی ئابووری: ڕێگریکردن لە پەککەوتنی کارگەکانی تایلەند بەهۆی کەمیی سوتەمەنییەوە.

کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان: نەمانی ترسی هاووڵاتیان و بازاڕ لە گرانبوون یان نەمانی وزە لە تایلەند.

سەلامەتیی گواستنەوە: تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی ئەمنی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.

ھەواڵی زیاتر