تاران مەرجی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دیاری دەکات
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO) ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا کراوەیە، بەڵام جەختی لەسەر چەند مەرج و سنووردارکردنێک کردەوە.
عەلی موسەوی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە گەرووەکە بۆ هەموو جۆرە جووڵەیەکی دەریاوانی کراوەیە، تەنیا بۆ ئەو کەشتییانە نەبێت کە پەیوەندییان بە دووژمنانی ئێرانەوە هەیە.
موسەوی ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو کەشتییانەی دەتوانن تێپەڕ بن، پێویستە:
• پەیوەندییان بە نەیارانی ئێرانەوە نەبێت.
• بۆ ڕێکارە ئەمنی و سەلامەتییەکان، هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ تاران بکەن.
ئەم هەڵوێستەی تاران دوای هۆشدارییەکی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە مۆڵەتی 46 کاژێری دابووە ئێران بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکە بە تەواوی بکاتەوە. ترەمپ هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ڕێڕەوەکە نەکرێتەوە، ئەوا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج.
بەهۆی جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران، هاتوچۆی کەشتییەکان لەو ناوچەیەدا کە پێنج یەکی نەوت و گازی شلی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت، ڕووبەڕووی پەککەوتن بووەتەوە. نوێنەری ئێران لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: تاران ئامادەیە بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی بۆ پاراستنی گیانی کەشتیوانان و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخی تەنگەی هورمز دادەنێت.