گومرگی ئێران: 6 ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەرەکاندایە و مەترسی کەمیی خۆراک نییە
لە نێوەندی ئەو دڵەڕاوکێیانەی بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە دروست بوون، فرود عەسکەری، سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران، پەیامێکی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند، بڕی شەش ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەر و 13 گومرگی جیاوازی وڵاتدا هەن و پرۆسەی دابەزاندنیان بۆ نێو ئێران بەردەوامە.
سەرۆکی گومرگ، ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کاڵایانە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک گەنم، برنج، چا، رۆن، زەیت، سۆیا و ئالیکی ئاژەڵ لەخۆدەگرن. ناوبراو جەختی کردەوە ڕۆژانە ڕێکاری گومرگی80 بۆ 100 هەزار تۆن کاڵا تەواو دەکرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێن.
بۆ خێراکردنی ئەم پرۆسەیە، لە ئێستادا تەنیا لە دوو گومرگی وڵاتەکەدا، نزیکەی شەش هەزار بارهەڵگر بەردەوام لە کاردان و ئەو کاڵایانەی ڕێکارە یاساییەکانیان کۆتایی هاتووە، دەگوازنەوە ناوچەکان، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کورتهێنانێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆدا.