ترەمپ درێژترین گوتاری مێژوویی واشنتنی پێشکەش کرد و دوایین مۆڵەتیشی دایە تاران

ڕۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 25ی شوبات بەکاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێکۆردێکی نوێی لە مێژووی سیاسی وڵاتەکەیدا تۆمارکرد و ژمارەی پێوانەیی درێژترین گوتاری ساڵانەی کۆنگرێسی شکاند؛ ترەمپ لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و 47 خولەک و 43 چرکە قسەی کردووە، بەمەش ڕیکۆردەکەی بیڵ کلینتنی شکاند، کە ساڵی 2000 کرد بووی.

پەیامە توندەکان بۆ ئێران و تێشکانی بەرنامە ئەتۆمییەکە:

دۆناڵد ترەمپ، لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا توانیویەتی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران تێکبشکێنێت و ڕێگری بکات لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئێران خاوەنی مووشەکێکە دەگاتە ئەوروپا و هەوڵی دروستکردنی مووشەکێکی دیکە دەدەن کە دەگاتە خاکی ئەمریکا، بۆیە جەختی لە سیاسەتی “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە” کردەوە.

هەژموونی سەربازی و گوشارەکان:

جێگیرکردنی گەورەترین هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناردنی هەردوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری “ئەبراهام لینکن” و “جێراڵد فۆرد” بۆ ناوچەکە.

ئامانجی ئەم هێزە ناچارکردنی تارانە بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ کە بەرنامە بالیستییەکانیش بگرێتەوە.

سەردەمی زێڕین و دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا

ترەمپ سەردەمی ئێستای بە “چاخی زێڕینی ئەمریکا” ناوبرد، ئاماژەی بە دەستکەوتە ئابوورییەکانی کرد، لەوانە:

بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی.

وەبەرهێنانی 18تریلیۆن دۆلار لە ساڵی ڕابردوودا.

دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی تاوانی کوشتن و پاراستنی سنوورەکان لە کۆچی نایاسایی.

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر دیموکراتەکان و تۆمەتباری کردن بە “وێرانکردنی وڵات”، هاوکات نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکانی دادگای باڵا سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکان دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەو پێناسانە سەدان ملیار دۆلاریان بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە.

دوایین مۆڵەتی دیپلۆماسی؛ جنێڤ چاوەڕوانی تارانە

لە کاتێکدا وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاکانی پنتاگۆن لە هۆڵی کۆنگرێس ئامادەبوون، ترەمپ پەردەی لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لادا و بڕیارە سبەی پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت. ئەمە وەک دوایین دەرفەت دەبینرێت، چونکە تەنها 15 ڕۆژ مۆڵەت لەبەردەم ئێراندا بوو، تاوەکو بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.

ھەواڵی زیاتر