بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 25/02/2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە سەردەمێکی زێڕیندایە و توانیویەتی گۆڕانکاری مێژوویی لە ئاستی ئابووری و ئاسایشدا ئەنجام بدات.
سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترەمپ جەختی کردەوە کە ڕێگرییان لەو وڵاتە کردووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و سوپای ئەمریکا توانیویەتی پرۆگرامی ئەتۆمی تاران تێکبشکێنێت، ئێستاش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، چونکە ئێران خۆی خوازیاری ڕێککەوتنە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئێران بە پەرەپێدانی مووشەکەکانی مەترسی لەسەر ئەوروپا و بنکەکانی ئەمریکا دروست دەکات، سیاسەتی ئەوان بەرامبەر تاران بریتییە لە چەسپاندنی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە، لەو چوارچێوەیەشدا توانیویانە بەهۆی گوشارەکانیانەوە ژمارەیەک لە سزادراوانی لەسێدارەدان ڕزگار بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا زیاتر لە بیست هەزار کەس کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر دیموکراتەکان و تۆمەتباری کردن بە وێرانکردنی ئەمریکا و گوتی: ئیدارەکەی توانیویەتی سنوورەکان بپارێزێت و ڕێگری لە کۆچی نایاسایی بکات، چونکە ئەرکی سەرەکی حکومەت پاراستنی هاووڵاتیانی خۆیەتی نەک کۆچبەرانی نایاسایی. ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە ساڵی ڕابردوودا بە قەبارەی هەژدە تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە و ڕێژەی تاوانی کوشتنیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکانی دادگای باڵا سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکان دەربڕی، جەختی کردەوە لە ڕێگەی ئەو پێناسانەوە سەدان ملیار دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە، چەندین شەڕی پێ ڕاگرتووە و دووپاتی کردەوە ئەو وەک سەرۆکێک کار دەکات کە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت.