عەباس عێراقچی: بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زنجیرە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ سەر مێزی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند. 

عێراقچی ئاماژەی بەوە دا کە تاران بە ئیرادەیەکی بەهێز و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی خولی پێشوو، لە شاری جنێڤ دەست بە گفتوگۆکان دەکاتەوە، بەو ئامانجەی لە کورتترین ماوەدا بگەنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە بەرژەوەندیی هەردوولا مسۆگەر بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران سیاسەتی وڵاتەکەی بە ڕوونی خستە ڕوو، جەختی کردەوە کە ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی گەلەکەی ناکات بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتییانە. 

عێراقچی ئەم قۆناغەی بە “دەرفەتێکی مێژوویی” ناوبرد بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن کە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییە هاوبەشەکان بێت، بەو مەرجەی هەردوولا پێشینە بە ڕێگەی دیپلۆماسی بدەن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عێراقچی جەختی لە هاوسەنگی نێوان هێز و دیپلۆماسی کردەوە و ڕایگەیاند کە وەک چۆن بە ئازایەتییەوە بەرگری لە سەروەریی خاکی ئێران دەکەن، بە هەمان شێوە دەچنە سەر مێزی دانوستان تاوەکو بە دوای چارەسەرێکی ئاشتییانەدا بگەڕێن بۆ هەموو ئەو جیاوازییانەی لە نێوان تاران و واشنتن بوونیان هەیە.

ھەواڵی زیاتر