تۆم باراک و فوئاد حوسێن پرسی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە 23/02/2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاری بەغدا پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کرد. هەردوولا بە وردی باسیان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و ئەو ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕووی دیاریکردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بوونەتەوە.

دیدگای واشنتن بۆ عێراق

لە کۆبوونەوەکەدا نێردەی ئەمریکا دیدگای واشنتنی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان خستەڕوو لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەت پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام بایەخ بە بۆچوونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی دەدەن.

دۆسیەی چەکدارانی داعش و گەڕاندنەوەی زیندانییەکان

لە دیدارەکەدا تۆم باراک، پێزانینی وڵاتەکەی بۆ دەستپێشخەرییەکانی عێراق دەربڕی سەبارەت بە گواستنەوەی زیندانییەکانی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق. فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد کە بەردەوامن لە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیان کە لە نێو ڕیزەکانی داعشدا بوون، ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکیا ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانی خۆی.

هەماهەنگی سەربازی و پەرەسەندنە ناوچەییەکان

لە کۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامی هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە، باسیان لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق، دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد، جەختیان لە پێویستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

ھەواڵی زیاتر