تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا کە بە شێوەیەکی نافەرمی دۆسیەی عێراقیش لە ئیدارەی ترەمپدا بەڕێوەدەبات، پەیامێکی لەبارەی داهاتووی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکە پێویستیی بە سەرکردایەتییەک هەیە کار بۆ بەهێزکردنی سەروەری و خۆشگوزەرانی بکات.
دیداری باراک و سوودانی
ئەم پەیامەی باراک دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هات، کە باسیان لە ئامانجەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش کردووە. نێردەکەی ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە پێویستە سیاسەتەکانی بەغدا بە جۆرێک بێت لەگەڵ نەخشەڕێگای دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاسایشی ناوچەکەدا بگونجێت.
مەرجەکانی واشنتن بۆ ئامانجە هاوبەشەکان
بەگوتەی تۆم باراک، بەدیهێنانی ئارامی و خزمەتکردنی گەلی عێراق پێویستی بە ڕەفتار و سیاسەتێکی کارا هەیە، کە پاڵپشتیی لە سەقامگیری بکات و ئەمانەش وەک بنەمای سەرەکی بۆ بەردەوامیی ئامانجە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتن تێبینی دەکرێن و دەبێت سەرکردایەتی داهاتووی عێراق لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت.
لە ماوەی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگیی عێراق نووری مالیکی، سەرۆکی حیزبی دەعوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کاندید کردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ کاندیدبوونی نووری مالیکی بۆ پۆستەکە ڕەتکردەوە.