مەسعود پزیشکیان: شەوان خەوم لێ ناکەوێت
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، شەوی چوارشەممە، لە میانی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە تاران گوتارێکی پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای ئێران، پزیشکیان وتی: زۆر شەوان خەوم لێ ناکەوێت و پێویستیمان بە یەکڕیزیی نیشتمانی هەیە.
دەقی قسەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران:
ئەو برینەی لە کۆمەڵگەدا دروست بووە، برینێکی تاڵە. کاری پزیشک ساڕێژکردنی برینە، نەک قووڵکردنەوە و چڵکپێکردنی برینەکە. دوژمن و بێگانەکان هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان و خاک و ئاوەکەمان بە ڕاستی لەت لەت بکەن. هونەرمەند بە بڕوای من، هەروەها بەڕێوەبەر و کاربەدەستی سیاسی، دەبێت تاوەکو ئەو شوێنەی بۆی دەکرێت و لە دەستی دێت، ئەم برینە ساڕێژ بکات و هەوڵ بدات ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزی و سەروەرییەی وڵات چاک بکاتەوە.
من خۆم زۆر شەوان بەڕاستی خەوم لێ ناکەوێت و لەوەی کەوتووینەتە ئەم بارودۆخەوە زۆر نیگەرانم. بەڵام هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی بمێنینەوە و وڵاتەکە بونیاد بنێینەوە.
دەقی پەیامەکەی مەسعود پزیشکیان:
ئەوەی مرۆڤ زوێر بێت و بکەوێتە داوی هەندێک کەس کە لەو دیو ئاو و خاکەوە (لە دەرەوەی وڵات) دانیشتوون و رێگە بە دوژمن دەدەن هێرش بکاتە سەر خاکمان و بۆردوومان بکات و وێران بکات، ئەوپەڕی نامەردییە. ئەوەش شتێکە کە بە راستی دەمەوێت لە ئێوەی هونەرمەندانی ئازیز، کە سەرەڕای ئەم هەموو گوشار و تەشەرە نامەردانەی لێتان دەدرا، وەستان و هاتن، لە ناخی دڵمەوە سوپاستان بکەم. زۆر سوپاس.
پەیامەکەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لە بازاڕی تارانەوە دەستیپێکرد، کە بە تووندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەڵام درانەوە و ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ دەڵێن: تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار کەس کوژراوە.