كاروانێكی تری نەخۆشەکانی تالاسیمیا گەڕانەوە هەرێمی کوردستان

دوای ناردنی چەند كاروانێكی نەخۆشخانی تالاسیمیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، كاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بە سەركەوتوویی چارەسەریان لە دەرەوەی وڵات وەرگرت و گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 2/2/2026، وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “دوای چەند كاروانێكی نەخۆشانی تالاسیمیا و بەردەوامی ناردنیان بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک لە دەرەوەی وڵات، سێیەمین کاروانی ئەو نەخۆشانە بریتییە لە 14 تووشبووی تالاسیمیا، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان و مانەوەی زیاتر لە 100 ڕۆژ، بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بەخۆشحاڵییەوە گەیشتنەوە ماڵەکانی خۆیان.”

هەر لەمبارەیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندووە: “بە سوپاس و دەستخۆشیی زۆرەوە بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پەرۆشی و پاڵپشتیی بەڕێزیان، ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان سەرکەوتوانە دەستی پێکردووە و بەردەوامە، ئومێد و هیوای چاکبوونەوە و سەلامەتیی خستووەتە ناو سەدان خێزان.”

باسی لەوەش كردووە: “ئێستا زیاتر لە 172 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشانی تالاسیمیا و بەخشەران و هاوەڵەکانیان لە دەرەوەی وڵات بوون بۆ نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک، دوای پشکنین و ئامادەکارییەکانی پزیشکی و ڕێکارەکانی زانستی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران بە ئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنینەکان، نەشتەرگەری و چارەسەرییەکان لەسەر بودجەی پێویستی دابینکراو.”

وەزیری تەندروستی دەشڵێت: “لە ڕۆژانی داهاتوودا، کاروانی شەشەم كە ژمارەیەک لە تووشبوان و هاوەڵەکانیانن، بۆ دەرەوەی وڵات و بۆ هەمان مەبەست بەڕێ دەکرێن.”

ھەواڵی زیاتر