بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیر دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە و کشتوکاڵی گەرمیانیش داوای ئازادکردنی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان ڕایانگەیاند،  “لەسەر سکاڵایەکی یاسایی لە دوێنێوە شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە، کشتوکاڵی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا داوای ئازادکردنی بەڕێوەبەرەکەی کردووە و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی لە دۆسیەیەکەدا سەرۆکی لیژنەی قەرەبوو بووە، سکاڵایەک کراوە و سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە دەستگیرکراون”.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند،: “شادیە حوسێن بە گوێرەی سکاڵایەکی یاسایی دەستگیرکراوە، دۆسیەکە لەبەردەستی دادوەرە و ئەو بڕیاری لەسەر دەدات”.

شادیە حوسێن لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی وەرگرتووە، لە شەوی رابردووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردنەکەی کاردانەوەی زۆری چالاکڤانان و هاونیشتمانیانی لێکەوتووەتەوە و داوای ئازادکردنی دەکەن.

شەوی رابردوو کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند: “زەویی هەندێک جووتیار کەوتووەتە بەر پرۆژەی فروانکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران بەسەرپەرشتی شادیە حوسێن دروستکراوە، کە پێنج بۆ شەش کەس بوون و قەرەبووی جووتیارەکان کراوەتەوە لە ساڵی 2023، ئێستا جووتیارەکان کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە لەسەر ئەو قەرەبووەی کە وەریانگرتووە، پاش سکاڵاکردن لەسەر یەکدی و دروستبوونی کێشە لەنێوانیاندا، دادوە لەسەر ئەو بابەتە بریاری راگرتنی هەموو ئەندامانی لیژنەکەی داوە، لەنێویاندا شادیە حوسێن وەکو سەرۆکی لیژنەکە”

ھەواڵی زیاتر