دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوادەخرێت

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوادەخرێت و پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت: ڕێژەی یاسایی (نیساب) تەواو نابێت.

لە 29ی مانگی ڕابردوودا پەرلەمانتارانی عێراق سوێندی یاساییان خوارد، دواتر سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. بەپێی دەستوور دەبوو لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرێت، ئەمڕۆ وادەکە تەواو دەبێت و بڕیارە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەو پرسە دەست پێ بکات.

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، دانیشتنی پەرلەمان دوادەخرێت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەچێتە ڕۆژێکی دیکە. پارتی، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بە چەند کاندیدێک چوونەتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە؛ لە قۆناغی ئێستای عێراقدا بە پێویستی دەزانین پۆستی سەرۆککۆمار لای پارتی بێت، گفتوگۆشمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کردووە و فوئاد حوسێن کاندیدی ئێمەیە.

بە گوتەی سیپان شێروانی، بەردەوام گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە؛ لەو چەند ڕۆژەشی کە ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دەرفەتێکی دیکەیە بۆ پارتی و یەکێتی تاوەکو لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆککۆمار ڕێک بکەون. جگە لەو پۆستە، کورد لە عێراقدا چەندین پۆستی دیکەی وەک جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە و سێ وەزارەتی دیکەی بەدەستەوەن و دەکرێت لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دابەش بکرێن.

ھەواڵی زیاتر