هەسەدە: سوپای سووریا ئاگربەست پێشێل دەکات
سوپای عەرەبیی سووریا هێرش دەکاتە سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ و هەسەدەش دەڵێت: ئەمە شکاندنی ئاگربەستە.
سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەسەدە و دیمەشق، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان، ئەمڕۆ دووشەممە 26/01/2026، هێرشی چڕیان کردووەتە سەر دەوروبەری شاری کۆبانێ، هەسەدە حکومەتی دیمەشق دەکات بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە: دوای ئەم هێرشانە پێکدادانی تووند لە نێوان هێزەکانمان و گرووپە هێرشبەرەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا ڕوویداوە. هێزەکانمان بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، بەتایبەت لە شارۆچکەی چەلەبی، لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن کە تانک و زرێپۆش، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لەگەڵ.
هەسەدە جەخت دەکاتەوە لەوەی، مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت لە پێشێلکارییەکان و دەرئەنجامە مرۆیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، داوا لەلایەنە نێوەندگیران دەکات دەکات بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی خێرا بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە بگرنەبەر.