دەزگای خێرخوازیی بارزانی 16 بارهەڵگری دیکەی هاوکاری دەباتە ڕۆژئاوای کوردستان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاروانێکی دیکەی کۆمەک و هاوكارییەكان دەنێرێتە ڕۆژئاوای كوردستان و بەسەر هاونیشتمانیاندا دابەشی دەکەن.

لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەزاران خانەوادە لە ڕەققە، تەبقا، دێرەزور و سنوورەکانی شەدادی ئاوارەی حەسەکە، قامیشلۆ و عامودێ بوون و تووشی بارودۆخیکی نالەبار بوون.

ئەمڕۆ یەكشەممە 25-1-2026، لە کەمپەینی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی 16 بارهەڵگری گەورە لە کۆمەك و هاوكارییە مرۆییەکان ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكرێن، کە دۆشەك، بەتانی، مۆكێت، خواردن، شیری منداڵان و كەرەستەی پاككەرەوە لەخۆدەگرێت.

تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 150 کارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێکهاتوون، لە ڕۆژئاوای کوردستان کارەکانیان دەکەن، جگە لە یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی کە 67 بارهەڵگر بوون، ڕۆژانە کاروانی دیکە دەنێردرێتە ڕۆژئاوای کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژانە دوو ژەمەخواردنی گەرمی بۆ سەدان خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی نێو مزگەوت و قوتابخانەکانی قامیشلۆ، عامودێ، دێرك دابین كردووە، هاوکات لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، بڕی 100 هەزار لتر نەوتی سپی گەیێنراونەتە شاری قامیشلۆ.

لەهەمان کاتیشدا تیمە پزیشکییەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەشت ئەمبوڵانس و دوو نۆرینگەی گەڕۆک پێکدێن، 25 پزیشک و یاریدەری پزیشک لەخۆدەگرێت، لە ماوەی سێ ڕۆژدا چارەسەری پێویستیان بۆ زیاتر لە 700 نەخۆش کردووە، لە بینین و چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیش بەردەوامن.

ھەواڵی زیاتر