راگەیێندراوێکی بەپەلە لە هەسەدەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون.

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا باس لە پێکدادانەکانی کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان تاوەکو 06:00ـی بەیانیی رۆژی سێشەممە دەکات، دەڵێت: “هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە.”

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا “ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون.”

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرەی “ئەبو سوڕە”، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون “بکشێنەوە و هەڵبێن.”

هاوکات لە بەرەی  گوندی “خان مامەد” لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و “دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناچار بە کشانەوە کراوە.”

هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) جەختیان لە “ئامادەیی تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک” کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، “بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان.” هەسەدە بەڵێنی بڵاوکردنەوەی وردەکاریی زیاتری لە کاتێکی دواتردا داوە.

ھەواڵی زیاتر