لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 38 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان بەسەر هاووڵاتیان دابەشكراوە، بڕیارە حەوت ملیۆن و 500 هەزار لیتری دیكە دابەش بكرێن.
هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەوتی سپی ماڵانی بۆ سەدان هەزار خانەوادەی هەرێمی كوردستان دابین كردووە، دوای تەواوبوونی پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەكان و دەوروبەری شاری هەولێر، چەند ڕۆژێكە پرۆسەی دابەشكردنەكە گەیشتووەتە سەنتەری شاری هەولێر و هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی بەنرخی پاڵپشتیكراو بە 31 هەزار دینار پێدەدرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایگەیاند، لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری شار، بڕی زیاتر لە 38 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان دابەشكراوە و ئێستا پرۆسەكە گەیشتووەتە سەنتەری شاری هەولێر و بڕی حەوت ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی ماڵان دابەش دەكرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، دەشڵێت: “ئەمساڵ نەوتی سپی بە میكانیزمێكی نوێ و جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دابەش دەكرێت، لەڕووی كردەییەوە شێوازەكەی باشتر و خێراترە. بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك بەسەر چوار بەنزینخانەی هەولێر دابەش كراون و لیستی ناوی خانەوادەكان ڕادەستی ئەو بەنزینخانانە كراون.”