بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایكبوونی فێركاری ئاماری ساڵی ڕابردووی نەخۆشخانەكەیانی ئاشكرا كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ساڵی ڕابردوو، 10 هەزار و 216 منداڵ بە ئاسایی لە دایكبوون و ئەوانەیشی بە نەشتەرگەری لە دایكبوون لەو نەخۆشخانەیە بریتین لە شەش هەزار و 460 منداڵ.
د. شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ساڵی ڕابردوو نەخۆشخانەكە هەنگاوی گەورەی لە خزمەتكردن و نۆژەنكردنەوە ناوە، ئەمساڵیش بەرنامەی تۆكمە هەن كە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بنرێت.”
ڕوونیشی كردەوە كە تەنیا ساڵی ڕابردوو 75 هەزار و 607 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە و 35 هەزار و 417 نەخۆش خەوێنراون و حەوت هەزار و 996یان لە بەشی منداڵە ناكامەكان بوون.
هەروەها باسی لەوە كرد كە بەشی چاودێریی چڕ كە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نرخێكی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگرێت، ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر نەخۆش سەردانی ئەو نەخۆشخانە حكومییەیان كردووە بە جۆرێك 288 نەخۆش لەو بەشە بوون.
هاوكات له درێژەی قسەكانی دا گوتی: “10 هەزار و 216 منداڵ بە ئاسایی لە دایكبوون كە پێنج هەزار و 113 كوڕ و پێنج هەزار و 103 یان كچ بوون، ئەوانەیشی بە نەشتەرگەری لە دایكبوون لەو نەخۆشخانەیە بریتین لە شەش هەزار و 460 منداڵ كە سێ هەزار و 340 یان كوڕ بوون و سێ هەزار و 156یان كچ بوون.”
بە گوێرەی قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایكبووان، پیتاندنی دەستكرد بۆ 139 نەخۆش كراوە و 112 لەوانە دووگیان بوون، جیا لەوەیش 61 هەزار و 739 نەخۆش سۆناریان بۆ كراوە.
هەروەك دووپاتی كردەوە كە لەو ساڵەدا 416 منداڵی دوانە و 10 منداڵی سیانی لە دایكبوون.
نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایكبوون لە ماوەی ڕابردوودا، هەنگاوی زۆری بۆ پێشڤەچوون ناوە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە نەخۆش روو لە نەخۆشخانەی ئەهلی نەكەن.