جووتسایدێكی نوێ، گۆمەسپان بە شەقامی شەقڵاوە دەبەستێتەوە
نەخشەسازی دروستكردنی جووتسایدێكی نوێ لە تەواوبوونە، بە دروستكردنی ئەو جووتسایدە گۆكەسپان بە شەقامی شەقڵاوە دەبەستێتەوە و ئەو ناوچەیە دەبێتە شوێنێكی گرنگی گەشتیاری هەولێر.
لەئێستادا، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دانان و دیزانیكردنی نەخشەیەكی نوێ بۆ جووتسایدێكی نوێ وا بڕیارە جووتسایدێكی نوێ لە گۆمەسپان بۆ رێگای شەقڵاوە دروست بكرێت، ئەمەش گرنگییەكی زۆری بۆ ئەو ناوچەیە دەبێت و بۆ گەشتوگوزاریش سوودی لێ دەبیندرێت.
ئەو جووتسایدە نوێیە بڕیارە لە دوای وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ دەستی پێ بکرێت و تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت.
بەپێی ئەو هێلكارییەی كراوە لە ئێستەدا درێژی ئەو رێگایە 16 كیلۆمەتر دەبێت و چەندین پرد و راستكردنەوەی تێدا دەبێت.
جێگەی باسە، لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا، هەر لەوكاتەدا رای گەیاند كە ڕێگەی هەولێر – گۆمەسپان دەكەن بە دووساید، لە ئیستەدا سەرجەم كارەكانی رێگایی گۆمەسپان تەواو بووە.
پڕۆژەكانی ئەو ڕێگەیە، بەشێكن لە تۆڕێكی فراوانی هەڵمەتی ڕێگەوبان كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە هەموو ناوچەكانی كوردستان و بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكومەت دەستی پێ كرد و بەشێكی زۆریان خراونەتە خزمەتەوە و ئەوەیشی ماوە لەمساڵدا تەواو دەبن.