تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، لە ماوەی رابردوو چەند جارێک داوایان کردووە دۆسیەی سەرۆکی بەرەی گەل، ڕەوەانەی هەولێر بکرێت و ئەمڕۆ دادگای سلێمانی داواکەی قبووڵ کرد.
بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆكی دەستەی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، بڕیاردرا کەیسی لاهوور شێخ جەنگی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت، تاوەکو بڕیاری لەسەر بدرێت، کە دادگاییەکە لە هەولێر بەڕێوەبچێت یان لە سلێمانی.
لاهوور شیخ جەنگی ڕەوانەی هەولێر دەکرێت؟
تەنیا دۆسیەی لاهوور شیخ جەنگی ڕەوانەی هەولێر دەکرێت، نەک خودی لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای، بەڵام سەرجەم ئەو ئیفادانەی لەسەر کەیسەکەیان وەرگیراوە، لەگەڵ کەیسەکەی ڕەوانەی هەولێر پێداچوونەوەی هەولێر دەکرێت.
کێ سکاڵای لەسەر لاهوور شێخ جەنگی تۆمار کردووە؟
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، سکاڵایان لەسەر لاهوور شێخ جەنگی تۆمار کردووە، بەڵام ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
لاهوور شێخ جەنگی بە ماددەی 56 بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، ئەو ماددەیە تایبەتە بە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. بەڵام دوای ڕووبەڕوونەوە لالەزار، ماددەکەی گۆڕا بۆ 406 و تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست.
شەوی 22ـی ئابی ساڵی ڕابردوو، هێزێکی زۆری دژەتیرۆر، ئاسایس و کۆماندۆی یەکێتی هەڵیکوتایە سەر شوێنی حەوانەوەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، دوای سێ کاتژمێر شەڕکردن، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و بەشیکی زۆری ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیر کران.