بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر شکاوە و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ” کە هەر ئەمڕۆ چاکی دەکەنەوە.”
بۆری ئاوی ئیفراز لە کاتژێر 08:30ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 11/01/2026، شکاوە و ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، “تیمەکانیان چوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە چاککردنەوەی بۆرییەکە کردووە و هەر ئەمڕۆ کارەکانی تەواو دەبێت.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، شارەکە پشت بە ئاوی بیرەکان و پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بە هەولێر دەبەستێت، کە 20ـی تەمموزی پار کرایەوە
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.