زانیاری نوێ لە سوودانیەوە لەبارەی مووچە
محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەندی زانیاری نوێی درکاندووە، بەشێک لە قسەکانیشی بۆ مووچەخۆران “ناخۆش بوون”. هەروەها بڕیاری لەبارەی نەوتی هەڵەبجە، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و گەڕاندنەوەی کۆچبەران داوە.
شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەغدایە، دوێنێ کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان کردووە، ئەمڕۆش هەر لەوی دەبن و کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکەن.
شاندەکە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی چووە، بەتایبەت بۆ بەدەستهێنانی زۆترین رەزامەنی پەرلەمانی بۆ د. موسەننا ئەمین کە بەربژێری کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەڵوێستە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
ئەو شاندە بە سەرۆکایەتیی. د. هادی عەلی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەغدایە.
شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، کۆبووەتەوە، لەبارەی کۆمەڵێک بابەت قسەیان کردووە، یەک لەوانە شایستە داراییەکانی هەریمی کوردستان و مووچەی مانگەکانی 11 و 12، مافی جووتیاران و نەوتی هەڵەبجە و قەرەبووی چەمچەماڵ و گەڕانەوەی کۆچبەران لە لیبیا.
لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی بە شاندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاندووە، لە 3 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار زیاتر لە مافی شایستەی هەرێمی کوردستان نێردراوە، تەنانەت ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەندێکجار لە یاسا لایانداوە، چونکە زانیویانە خەڵکی کوردستان مەزڵوومە و لەبێ مووچەییدا دەناڵێنێت.
سوودانی بە شاندەکەی گوتووە، بەپێی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، کەچی هەرێمی کوردستان داهاتی ئەو دوو مانگەی (11 و 12) رادەست نەکردووە.
لەبارەی چارەسەری کێشەکەش، سوودانی باسی لەوە کردووە بودجەی 2023، 2024 و 2025 قوفڵ بووە و حکومەتیش ئێستا کاربەڕێکەرە، بۆیە چارەسەری ئەو دوو مووچەیە دەبێت بکەوێتە نێو بودجەی ساڵی 2026.
د. موسەننا ئەمین کە خۆی لە کۆبوونەوەکە بوو، بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، بۆ ئەوەی مووچەی ئەو دوو مانگەی ساڵی 2025 نەفەوتێت، دەبێت لایەنە کوردییەکان (وەک پارتی و یەکێتی) لە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا ئەمە بکەنە مەرج و لە بودجەی 2026 جێگیر بکرێت. (بۆ نموونە مانگانە 20%ی بۆ خەرج بکرێت تاوەکو تەواو دەبێت).