وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوو گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێدەکەن.
ساڵێک و چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، سەرەڕای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوانیان، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، “لە دوو ڕۆژی داهاتوو گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و وادەی پێکهێنانی حکومەت دیاریدەکرێت.”
پارتی و یەکێتی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەیە، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەدا، لە ئاکامی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئەشێت کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە هەبێت.
پێشتر چەندین گەڕی دانوستان و کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەچووە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان و تێڕوانینی پارتەکان بۆ شێوازی پێکهێنانی کابینەکە، ناکۆکیی هەبوو.