سەرۆککۆماری عێراق چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکرێتەوە، مەرج و ڕێنماییەکانی خۆپاڵاوتنیش ئاشکرا دەکرێن.

لە ئەمڕۆوە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوە دەبێت، مەرجی سەرەکی خۆکاندیدکردن دەبێ کاندیدەکە لەدایکبوویی عێراق بێت، دایک و باوکێکی عێراقی بێت، ناوبانگ و ئەزموونێکی سیاسی باشی هەبێت، لە دەستپاکی، دادپەروەریی و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان شاهێدی بۆ بدرێت.

دەبێت کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار لانیکەم تەمەنی 40 ساڵ بێت، لانیکەم بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانی پێدانرابێت، بە هیچ تاوانێک حکوم نەدرابێت، یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس (لێپرسینەوە و دادپەروەری) نەیگرێتەوە.

لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار و لەکاتی دەنگدان لە خولی یەکەمدا پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، ئەگەر هیچکام لە کاندیدەکان ئەو ڕێژەیەی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دووبارە دەکرێتەوە، لە گەڕی دووەمدا هەرکامێکیان زیاتر بهێنێت، ئەوەیان بە سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو دادەنرێت. یاساکە مەرجی داناوە کۆی ئەو ڕێکارانە و یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار نابێت لە ماوەی دەستووری زیاتری پێ بچێت کە 30 ڕۆژە.

بەشێکی دیکە لە ڕێکارەکانی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە گوێرەی هەمان یاسا:

سێ ڕۆژ، ماوەی خۆکاندیدکردنە

سێ ڕۆژ، ماوەی تانەدانە بۆ ئەوانەی ناویان لە لیستەکەدا نییە لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی.

لە ماوەی سێ ڕۆژ، دادگای فیدڕاڵی تانەکە یەکلایی دەکاتەوە.

سێ ڕۆژ، دادگای فیدڕاڵی پەرلەمان لە بڕیاری تانەکە ئاگادار دەکاتەوە.

ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی کاندیدانی سەرۆککۆمار، ماوەکەی دیارنییە.

ھەواڵی زیاتر