محەممەد حاجی مەحموود هێرشی توند دەکاتە سەر بەغدا

محەممەد حاجی مەحموود لە سێیەم دیداری گوڵەخانە ڕایدەگەیێنێت، ئەمساڵ بەڵام سێ مووچەی فەرمانبەران نەنێردراوە و ڕاگیراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەڵێن کورد و عەرەب برایە، دڵنیا بن کەس برای ئێمە نییە، تەنیا کورد برای خۆیەتی لە، هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت”.

ئەمڕۆ شەممە 27-12-2025 لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور، سێیەمین دیداری گوڵەخانە بەسەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ناونیشانی ‘ئایندەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا’ بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان ئامادەی دیدارەکەن.

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر نەتەوەی کورد کراوە، لە قامووسی هیچ نەتەوە و ئاینێک نەبووە و نەکراوە، بەڵام ئێمەی کورد هەمیشە میللەتێکی دڵپاک و ئاشتیخواز و لێبووردە بووین، ئەوانەی کیمیاییان لێداین و ئەنفالیان کردین، لە ساڵی 1991 زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیان گیران لە فەرماندەی سەربازی و سەربازەکان، خەڵکی کوردستان بە ڕێزەوە بەڕێیان کردەوە بۆ زێدی خۆیان، هیچ کەسیان تۆڵەی لێنەکرایەوە.

بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، پێمان وابوو ئەمجارە عێراقێکی نوێیە و چارەسەری کێشەکان دەکات، بەڵام ئەوەی دەبینین ئێستا هەمان ڕێچکەی پێشووە کە ئەنفالیان کردین و کیمیابارانیان کردین و گوندەکانیان وێران کردین، ئێستا ساڵی 2025 بەڕێدەکەین، بەڵام سێ مووچەی فەرمانبەران نەنێردراوە و ڕاگیراوە، نەوتیان ڕاگرتین و پەرلەمانیان هەڵوەشاندینەوە و هەموو شتێکیان بەرامبەرمان ئەنجامدا، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەڵێن کورد و عەرەب برایە، دڵنیا بن کەس برای ئێمە نییە، تەنیا کورد برای خۆیەتیی لە هەر شوێنی ئەم جیهانە بێت دەبێت بڕوامان بە خۆمان هەبێت لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین.

ھەواڵی زیاتر