ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، لەبارەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە نێوەندگران ئاگادار کردووەتەوە کە مانگی یەکی داهاتوو دەست پێ دەکات.
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە ڕایدەگەیێنێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو وڵاتانەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەست پێ دەکات. هاوکات جەخت کراوەتەوە لە دامەزراندنی دەستەیەکی حوکمڕانی لە غەززە.
بە گوتەی ویتکۆف، قۆناغی یەکەم پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوانە فراوانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، گەڕانەوەی بارمتەکان، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئیسرائیل و کەمبوونەوەی شەڕ.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە و پرسی غەززە تاوتوێی بکەن.