بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ ڕایدەگەیێنێت، 651 ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنەکانیان پێکهێنراوە.
بەهۆی لافاوە بەهێزەکەی چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، دواتر لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی ئۆتۆمبێلەکان پێکهێنرا و ناوەکانیان کۆکرایەوە، ئێستا هاتووچۆی چەمچەماڵ ناوی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی تۆمار کردووە کە زیانیان بەرکەوتووە.
عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆتۆمبێڵەکان پێکهێنرا، بانگەوازێکمان ڕاگەیاند لە ماوەی سێ ڕۆژ ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان زیانی بەرکەوتبوو سەردانیان کردین و فۆڕمێکیان پێدرا کە تەواوی زانیاریی ئۆتۆمبێڵەکە و ئەو زیانەی بەرکەوتووە نووسراوە. ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەپێی دوایین ئامار 651 ئۆتۆمبێلە.
ئۆتۆمبێل هەیە زیانەکانى زیاتر لە 20 ملیۆن دینارە و ئۆتۆمبێلیشی تێدایە نرخەکەى سێ ملیۆن دینارە یان کەمترە، بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە خاوەنەکەی قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام شێوازی قەرەبووکردنەوەکەی جارێ دیار نییە، ئایا لە %100 قەرەبوو دەکرێنەوە یان بە ڕێژەیەکی دیاریکراو، دیاریکردنی کاتی قەرەبووکردنەوەکە دیاری نەکراوە.