وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان دابەشکردووە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئەمڕۆ توانیویانە زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوت دابەش بکەن لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە وەرزی زستان بە نرخی پاڵپشتیکراو نەوت بەسەر سەرجەم ئەو خێزانانە دابەش دەکات کە فۆڕمی خۆراکیان هەیە، هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی بە 104 هەزار دینار پێ دەدرێت، کەچی لە بازاڕدا هەر بەرمیلێک نەوت نزیکە لە 200 هەزار دینار.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند، دابەشکردنی نەوت بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامی هەیە. هەتا ئێستا 601 هەزار و 471 خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەندن، بەکۆی گشتی 120 ملیۆن و 294 هەزار و 200 لیتر دابەش کراون.

بەپێی داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، زۆرترین بڕی دابەشکراو و خێزانی سوودمەند بوو لە پارێزگای سلێمانییە، بەجۆرێک لەو پارێزگایە ڕێژەی سەدی دابەشکردن گەیشتووەتە 93% و 245 هەزار و 945 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و تەنیا 19 هەزار و 525 خێزان ماون نەوت وەربگرن.

ھەواڵی زیاتر