لە بازگەی کۆیە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی دەکرێت بەرەو سلێمانی بڕۆن و ئاسایشی گشتی-هەولێر ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش-هەولێر:
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، لە بازگەی سنووری کۆیە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیە، ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا بەرەو سلێمانی بچن. پێیان گوترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنووری سلێمانی. ئەمەش جێگەی سەرسووڕمان بوو، چونکە هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە.
لە بەرامبەر ئەو کردارەدا ڕێکارەکان لە بازگەکان توند کرا، هاتوچۆکان سنووردار کران، بەڵام دوای ئەوەی ڕوونکردنەوە درا کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەک بووە و بە مەبەست نەبووە، دۆخی بازگەکان ئاسایی بوویەوە.
داواکارین ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد.