ئەمڕۆ دووشەممە 27/10/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات و بڕیارە بە فەرمی پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی شارەکە بکاتەوە.
لە کاتی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چۆنیەتیی بەرێوەچوونی کارەکانی دوو پڕۆژەی دیکە بە سەردەکاتەوە، کە بریتین لە پڕۆژەی ماستەرپلانی نوێی گەلیی عەلی بەگ و پڕۆژەی جادەی ٤٠ مەتری (قۆناغی یەکەم).
پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری رێگەوبان، کە گوژمەی گشتییەکەی زیاتر لە 34 ملیار دینارە و کارکردن لە ناوەڕاستی مانگی شوبات دەستی پێکرد و ئێستە کارکردن تیایدا کۆتایی هاتووە.
ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەرزەپرد پێک دێت، یەکێکیان 154 مەترە و ئەوی دیکە 57 مەترە.
پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی قەزای ناوەندیی سۆران، ڕێگەی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاسانتر دەکات، قەرەباڵغیی ناو شاری سۆران کەم دەکاتەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم سنوورە کەم دەکاتەوە.