پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە لە یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی 49 ساڵەی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ لەم یادەدا جەخت لە كاركردنی هاوبەش و تەبایی و یەکهەڵوێستی و هاوخەباتی هەموو پێکهاتە و هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە.

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لە چل و نۆیەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموو تێکۆشەر و خەباتکاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە لەم شۆڕشەدا بەشدار بوون و بە شکۆمەندی و بڕوایەکی بەرزەوە، بەرگریان لە گەلی کوردستان کرد .

شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بەڕێبەرایەتی ڕێبەری نیشتیمانیمان بارزانیی نەمر، پیلانی دوژمنانی کوردستانی تێکشکاند و لە ڕێگەی گیانفیدایی و بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانەوە، ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا کردەوە .

لە یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، جەخت لە كاركردنی هاوبەش و تەبایی و یەکهەڵوێستی و هاوخەباتی هەموو پێکهاتە و هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە کە ئەو یەکڕیزییە، یەکێک لە بنەما بەهادارەکانی شۆڕشی گوڵان بوو کە بووە هۆی دروستبوونی بەرەی کوردستانی و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و بەدەستێهنانی هەموو دەستکەوتە نیشتمانییەکان.

لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

ھەواڵی زیاتر