عێراق لە ئەمەریكا و HKN و Zagros زیرەكتر نییە

لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا، یەكێك لە خاڵەكانی ناو ئەجێندای سەردانەكە ئیمزاكردنی دوو گرێبەست بوو لە بواری وزە، وردتر لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان. لەم چوارچێوەیەدا و بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دوو گرێبەستی گەورە لەگەڵ ھەردوو كۆمپانیای (HKN Energy) و (WesternZagros Resources) بۆ وەبەرھێنانی نەوت و غاز لە ھەرێمی كوردستان ئیمزا كراوە.

زۆر دوور و بگرە پێچەوانەی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی كە بەگوێرەی دەستووری عێراق و لە بواری نەوت و غازی نەك ھەر ھەرێمی كوردستان، بەڵكوو نەوت و غازی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و تەنانەت ڕەسمكردنی سیاسەتی وزەی عێراقیش دراوە بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێچەوانەی ھەموو ئەمانە بەردەوام عێراق شەڕی نادەستووری و شەڕی سیاسی بە ھەرێمی كوردستان فرۆشتووە و ئەم شەڕەی عێراقیش بۆ قازانجی دەرەوەی عێراق و دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بووە، ئەگینا تۆ خۆت غازی خۆت ھەیە، بۆچی دەچیت كێڵگەی غازی كۆرمۆر بۆردومان دەكەیت، بەڵام دەچیت لەدەرەوەی عێراق غاز دەكڕیت؟ خۆ ھەتا ئێستاش عێراق وازی لەم گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە بە ھەرێمی كوردستان نەھێناوە، بەڵام ئێستا كە لەواشنتنەوە دوو كۆمپانیای وەبەرھێنانی وزە بەبێ عێراق! گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیمزا دەكەن، كەواتە:

1 – بەر لە ھەر شتێك ئەمەریكا بە عێراق دەڵێت، لەكاتێكدا تۆ شەڕی گرێبەستە كۆنەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بە ھەرێمی كوردستان دەفرۆشیت، ئەوەتا لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكاوە گرێبەستی نوێ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیمزا دەكرێت، بەبێ ئامادەبوونی تۆی عێراق! بۆچی پێش ھەردوو كۆمپانیاكە گوتم ئەمەریكا ؟ ئەوە لەبەر ئەوەی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ واشنتن بە داوەتنامەی فەرمیی بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا بووە و حەتمەن پێشتر ئەمەریكا بەوردی ئاگاداری ئەجێندای ئەم سەردانەیە.

2 – ھەردوو كۆمپانیای (HKN Energy) و (WesternZagros Resources)، قارچك و دومبەڵان كۆناكەنەوە كە لە ساڵێكدا ھەفتەیەك ئیشیان ھەبێت و پێویست بەوە نەكات ئاگاداری دەستوور و یاسا بن، بەڵكوو ئەم كۆمپانیایانە بەرلەوەی گرێبەست لەگەڵ ھەر وڵات و ھەر حكوومەتێك بكەن، زۆر باش و بەوردی دەستووری ئەو وڵاتە تێدەگەن، ئنجا بڕیاری ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دەدەن، كەواتە ئەو دوو كۆمپانیایە لە واشنتنەوە و ناڕاستەوخۆ بە عێراقیان گوت، ئێمە بەبێ تۆ گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیمزا دەكەین، چونكە بەوردی ئاگامان لە دەستووری عێراق و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە لە بواری نەوت و غاز و زۆر باشیش دەزانین تۆ لە كەیەوە و بۆچی لەسەر نەوت و غاز شەڕی سیاسی بە ھەرێمی كوردستان دەفرۆشیت.

3 – نازانم عێراق چۆن لەم پەیامانە تێدەگات، بەڵام لەبەرئەوەی بەشی زۆری مێژووی ئەم عێراقە تەمەن 100 ساڵە تێنگەییشتن بووە، بۆیە بەردەوام عێراق لە ھەڵدێرێكەوە بەرەو ھەڵدێرێكی تازە ڕۆییشتووە و كاتێكیش بەخۆی زانیوە كە دەستی پیا چزاوە و كار لەكار ترازاوە، دەستێكیش نەوت و غاز بیسووتێنێت، خراپ دەیسووتێنێت!

جەمال عەبدوڵا

ھەواڵی زیاتر