بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی مەسرور بارزانی: سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتۆن لە كاتێكی هەستیاردایە

”هەرێمی كوردستان بە تەواوی لە مامەڵەكردنی عێراق نیگەرانە“

نوورەدین وەیسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە گرنگیی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (رۆژی شەممە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٥) دەكات بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمریكا.

وەیسی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونی كردەوە، ئەم سەردانە كە بە بانگهێشتی فەرمییە و بە یەكەم سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن دادەنرێ لە سەردەمی سەرۆك ترەمپ، وێستگەیەكی دیكەیە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و دەرفەتێكیشە بۆ تاوتوێكردنی دۆسییە بنەڕەتییەكان. لەمبارەیەشەوە وەیسی ئاماژەی بە ئاڵنگارییەكانی ئێستای پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا كرد.
ئەو ڕاوێژكارە جەختیشی كردەوە: ”سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن وێستگەیەكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قوڵییەكان لەگەڵ ئەمریكا و لە كاتێكی هەستیاردا دێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی گرنگ و هاوبەش كە هاوبەشیی نێوان هەردوولا بەهێز دەكات و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكات.“
هەروەك تیشكیشی خستە سەر بەرنامەی سەرۆكی حكوومەت و رایگەیاند، كە مەسرور بارزانی دیداری دەبێ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریكا و ئەندامانی باڵای كۆنگرێس، جگە لە چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بیرمەندان و وەبەرهێنەرانی ئەمریكی. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە كۆڕبەندی تایبەت بە وزە دەكات، چاوەڕوانیش دەكرێت واژۆ لەسەر ژمارەیەك لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لە بواری وزەدا بكات لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكی، بەمەبەستی بەهێزكردنی تواناكانی هەرێمی كوردستان و جەختكردنەوە لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی وزەی جیهانیدا.“
ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”ئەم سەردانە لە كاتێكی هەستیاردا دێت، كە هەرێمی كوردستان زۆر دڵگرانە لەو مامەڵەیەی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەیكات، بەتایبەت لە بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دۆسیەی نەوت. سەركردایەتیی كوردستان حكوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرسیار دەزانێ بەرامبەر بەو ئاڵنگارییە داراییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە، بەتایبەت بابەتی درەنگ ناردنی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەكان. دەشڵێت: “پابەندنەبوونی بەغدا بە رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو حكوومەت، چ ئەوانەی بنەمای پێكهێنانی حكوومەتی ئێستای عێراقن و چ ئەوانەی بنەمای بەرنامەی حكوومەتن كە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە و عێراق پاشگەزبووەتەوە لەو سازان و هاوبەشییەی كراوەتە بنەما و متمانەی نێوان هەردوولا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر عەقڵیەتی بەناوەندكردنی دەسەڵات، كە رەتی دەكاتەوە دان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا بنێت.“
وەیسی پێیشی وایە، ”ئەم سیاسەت و هەڵسوكەوتەی حكوومەتی فیدڕاڵ تەكتیكە بۆ بێهێزكردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە رێی فشاری ئابووریی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە كە بووەتە هۆی درەنگ گەیشتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی گرفتی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها ئەو سیاسەتەی وەزارەتی دارایی عێراق دەیگرێتەبەر لە دژایەتییكردنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەو عەقڵیەتە مەركەزییەوە هاتووە كە دەیەوێ سیستەمی فیدڕاڵی بەركەنار بكا و لە پێگەی دەستووری و فیدڕاڵیی هەرێمی كوردستانیش كەم بكاتەوە كە لە دەستووری عێراقدا دەنگی لەسەر دراوە، ئەمەش بە تەواوی لای گەلی كوردستان رەت دەكرێتەوە.“
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەوەش كە ”بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەپێش هەموویانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو خێزانێكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی گفتوگۆكان. بەداخەوە حكوومەتی فیدڕاڵ سیاسەتی بیانووهێنانەوە و درەنگ ناردنی مووچە و شایستەكان بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پیادە دەكات وەك كارتی فشار، سەرەڕای پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو ئەو ئەرك و رێوشوێنە دەستوورییانەی كەوتوونەتە سەری.“
جەختیشی كردەوە، ئەو سیاسەتەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی بەمەركەزیكردنی دەسەڵاتە لە بەغدا، كە چوارچێوەی دەستووری بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەت پێشێل دەكات، ئەگەرچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی زانیارییەكی پێویست بووبێ پێشكەشی كردووە، هەرچەندە كوردستان وەك هەرێمێكی دەستووری و فیدڕاڵی پێویستی بە میكانیزمی جیاواز هەیە لەگەڵ پارێزگاكان.

لەبارەی وزە، نوورەدین وەیسی لە لێدوانەكەدا ئاماژەی بەوە داوە: ”دوو ساڵ زیاترە و سەرەڕای ئەو زیانە گەورەیەی بەر هەرێمی كوردستان و ئابووریی عێراق دەكەوێ، كە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێ، كەچی هێشتا حكوومەتی فیدڕاڵی لەمپەر لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دادەنێ، ئەویش بەمەبەستی ئەوەی هەرێمی كوردستان بخاتە دەرەوەی نەخشەی وزەی جیهان و رێگر بێ لەوەی مافە دەستوورییەكانی خۆی لە ئیدارەدانی سامانەكان و پێشخستنیان پیادە بكات. ئەم تەگەرەخستنە بەردەم تواناكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە لە تواناكانی هەرێمی كوردستان لەو بوارە كەم بكەنەوە، لەپێناو هەژموونی خۆیان بەسەر سامانی وڵات بە شێوەی مەركەزی، ئەم سیاسەتەش مانای داسەپاندنی واقیعێكی نوێیە لەسەر هەرێمی كوردستان و بۆ ئەمەش كارتی دارایی وەك فشار دژ هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنن تاوەكوو دەستبەرداری مافە دەستووری و مافەكانی گەلی كوردستان بێت بە گشتی.“
وەیسی بەتوندی سەركۆنەی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەی ڕاگەیاندنی كرد، كە لایەن و بەرپرسان لە عێراق بۆ وروژاندنی رای گشتیی عێراقی دژی هەرێمی كوردستان دەینێن، ئەویش بە شاردنەوەی ڕاستییەكان و گەیاندنی زانیاریی هەڵە و پروپاگەندەی بێ بنەما بەوەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقی بۆ دەڕوا و لەسەر حیسابی ئەوان دەژی. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەو مووچەیەی ناوە ناوە عێراق بە درەنگەوە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێ، وەك منەت و خێری بەغدا بە خەڵكی كوردستانی وێنا دەكات، لەڕاستیشدا هەموو ئەوەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەینرێ كەمترە لە 5%ی بودجەی عێراق، لە كاتێكدا بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی عێراق، بەشی هەرێمی كوردستان نابێ كەمتر بێ لە 14%ی بودجەی فیدڕاڵی.

لە كۆتاییشدا نوورەدین وەیسی هیوای خواست كە ئەم سەردانە گرنگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن و ئەو گفتوگۆیانەی دەیكات، ببێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری هەرێمی كوردستان و ڕوانگەی هەرێمەكەش بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ڕوون ببێتەوە، جگە لەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ گەلی كوردستان و دۆزە رەواكەی وەدەست بێت و پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكای هاوپەیمانی بەهێزتر بێت بە جۆرێك كە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بكات. گوتیشی: ”با ڕاشكاو بین، بەردەوامبوونی ئەم شێوەی مامەڵەیە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە كە لەسەر بنەمای عەقڵیەتی ناوەندییە، دۆخەكە بە ئاراستەی گرژییەك دەبات كە خواستراو نییە، رەنگە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی و قووڵی لەسەر تەواوی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بكات و هەڕەشە لە سەقامگیریی گشتی بكات. لەسەر ئەم بنەمایە، بەردەوامبوونی ئەم عەقڵیەتە ناوەندییە لە ئیدارەدانی دەوڵەت وادەكات كە بونیاتنانی شەراكەتی راستەقینە و بەردەوام بابەتێكی قورس بێت و ئەو متمانەیە كەم بكاتەوە كە گەلی كوردستان هەیانە. بۆیە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكوومەتی فیدڕاڵییە بۆ راستكردنەوەی ئاراستەكان لە ڕێگەی هەنگاوی كرداری و بەپەلە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی هێناویەتە ئاراوە و سەرلەنوێ پردی متمانە لەگەڵ گەلی كوردستان دروست بكاتەوە. هۆشداری دەدەین كە ئەگەر ئەم كارە نەكات، لێكەوتەكەی لەسەر یەك لایەن نابێت، بەڵكوو رەنگدانەوەی لەسەر عێراقیش دەبێت.“

ھەواڵی زیاتر