بە فەرمی نرخی کارەبای 24کاتژمێری دیاری دەکرێت

هەفتەی داهاتوو بەفەرمی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دیاری دەکرێت، ئەو نرخەی ئێستا هەیە ئەزموونییە و نامێنێت، نرخی داهاتووش لەوەی ئێستا هەیە کەمتر دەبێت.

پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بەردەوام لە فراوانبوونە، تاوەکو ئێستا 600 هەزار هاونیشتمانی لێی سوودمەند بوون، بڕیارە تاوەکو ساڵێک و 7 مانگی دیکە بگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.


  چوارشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بەفەرمی نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی دیاری دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، دیاریکردنی نرخیش لەسەر بنەمای کیلۆوات دەبێت.
 
شێوازەکانی جێبەجێکردن: بە پێنج ئاست نرخی کیلۆوات دادەنرێت:

یەکەم: سفر بۆ 400 کیلۆوات بە نرخێکی کەم.
دووەم:  400 بۆ 800 کیلۆوات بە نرخێکی کەمێک زیاتر.
سێیەم: 800 بۆ هەزار و 200  کیلۆوات گرانتر دەبێت.
چوارەم: هەزار و 200 بۆ هەزار و 600 کیلۆوات دیسان گرانتر دەبێت.
پێنجەم: لە هەزار و 600  کیلۆواتەوە بەرەوسەرەوە جارێکی دیکە نرخەکە گرانتر دەبێت.

تیمی پڕۆژەی ڕووناکی ، دانانی نرخی کیلۆوات بە هەڕەمەکی دانەنراوە، هەڵسەنگاندن کراوە و بەجۆرێک دانراوە لەگەڵ گوزەران و ژیانی خەڵک بگونجێت، لەوەی ئێستاش هەیە هەرزانتر دەبێت. بەپێی ئاستەکان هاوبەشان تا کەمتر کارەبا بەکاربهێننن مانگانە کەمتر پارە دەدەن. 

– بە تێکڕای ساڵ زۆرینەی خەڵکی کوردستان مانگانە تا 800 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێن، چونکە بەپێی وەرزەکان بەکارهێنانی کارەبا دەگۆڕێت. بۆ نموونە ماڵێک لە مانگێکدا 750  کیلۆواتی بەکاربهێنێت، 400 کیلۆواتی یەکەمی بە نرخێکی کەم بۆ هەژمار دەکرێت، 350 کیلۆواتەکەی تر بە نرخێکی زیاتر،، نەوەک کۆی 750 کیلۆواتەکەی بە گران لەسەر هەژمار بکرێت.

نرخی کارەبای بازرگانی، کشتوکاڵی، پیشەسازیی بچووک، پیشەسازیی گەورە و میری واتە فەرمانگەکانی حکومەت، نرخی جیاواز بۆ هەموویان دادەنرێ بەپێی سيکتەرەکان، ئەوانیش هاوشێوەی ماڵان قازانج دەکەن، کەمتر لەو پارەیەی ئێستا لە کارەبا خەرجی دەکەن لەسەریان دەکەوێت، بەو پارەیەی دەیدەنە کارەبای نیشتمانی، لەگەڵ پارەی مۆلیدەی گەڕەکەکان و تەنانەت مۆلیدەی تایبەتی خۆیان.

خاڵی ئەرێنییەکان: لەکاتی دانانی نرخەکان گوزەرانی زۆرینەی خەڵک لەبەرچاو گیراوە، بەو ئامانجەی خێزانی کەدەرامەت، خێزانی بچووک، تازە بووک و زاواکان و خانەنشینان مانگانە کەمترین پارە بدەن.

– دوای یەکلاکردنەوەی نرخەکان و بڵاوکردنەوەیان، لەمەودوا لەسەر ئەو بنەمایە پارە لە هاوبەشان وەردەگیرێت، تەنانەت ئەو گەڕەک و ناوچانەی تاوەکو ئێستا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری قەرەبوو دەکرێنەوە.

– بۆ نموونە گەڕەکی ژیانی هەولێر کە 10 مانگە پڕۆژەی ڕووناکی پێگەیشتووە، کارەبای ڕابردووشیان بەپێی نرخە نوێیەکە بۆ هەژمار دەکرێ، لەم 10 مانگە چەند پارەی زیادەیان دابێت قەرەبوو دەکرێنەوە.

ھەواڵی زیاتر