ئەنجوومەنی وەزیران داشکاندنی ڕێژەی 20%ی سزای ھاتوچۆی درێژ کردەوە

* ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلیژە پزیشکيیەکان بۆ ساڵی 2024

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725 و هیوای خواست، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی لەبارەی درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو یارمەتیدانی هاووڵاتیيان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی پەسەند کرد و بڕیار درا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتووچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30.

دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەوانەی خستەڕوو کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەهۆی جێگرکردنی میلاکی مانگی تەممووز لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایيی فیدراڵەوە. 
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانە ئەنجام بدات و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەکانیان بکات، بەگوێرەی ئەو پێشنیارانەی لەلایەن وەزارەتیان لە کۆبوونەوە خرانەڕوو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەرچووانی کۆلیژە پزیشکیيەکان بۆ ساڵی 2024 خستەڕوو، کە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکی، ڕێڕەوی وەزیفە و کار و خزمەتیان ڕێکخراوە.
ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتيی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچووانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بخەنەڕوو، تا لەبەر ڕۆشنایيی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان بدرێت لەپێناو نەوەستانی ڕێکارەکانی پلەبەندیی پزیشکی و ڕێکخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاريی تەندروستيی نەخۆشخانەکان و چاودێريی پزیشکی و دابینکردنی بەپێی پێداویستی.

  • 1
  • 2
  • 3
ھەواڵی زیاتر