کۆبوونەوەی بەیانی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتە

مەسرور بارزانی،سەرۆکوەزیرانی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێکی دیکە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەت و چەند پرسێکی دیکە کۆدەبنەوە.

 کارەکانی پێکهێنانی حکومەت زۆر باش چوونەتە پێشەوە، بەپێی زانیارییەکان لیژنە تەکنیکییەکان زۆربەی کارەکانیان تەواو کردوون لەبارەی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، ئەوەی ماوەتەوە دابەشکردنی پۆستەکانە.

 پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانە، باس لە خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا”.

 ئەمە دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی لووتکە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 10ـی ساڵی ڕابردوودا، چونکە لە پارتی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کابینەی 10 دەکات، لە یەکێتیش بافڵ تاڵەبانی قسە و بڕیاری کۆتایی لای خۆیەتی، بۆیە گفتوگۆی ڕاشکاوانە دەکەن و ئەم پرسانەی کە ماون بڕیاری لەسەر دەدەن. کۆبوونەوەی یەکەمیان 15ـی یەکی ئەمساڵ بوو لە هەولێر.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە هۆکارێکی کاریگەر بێت بۆ خێرا پێکهێنانی حکومەت. پێکهێنانی حکومەت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی خەڵک و زۆربەی بوارەکان دەبێت بەتایبەت بووژانەوەی بازاڕ. هاوکات حکومەتێکی بەهێز و یەکدەنگی کورد دەبێتە هۆی زامنکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا بەتایبەت مووچە و شایستە داراییەکان.

ھەواڵی زیاتر