خەڵکینە، تکایە هۆشیار بن، بە گوێی میدیای سەقەت مەکەن!
کەناڵ هەشت، ڤیدیۆیەکی گەڕەکێکی هەولێری بڵاو کردووەتەوە کە کارەبای24 کاتژمێریان هەیە، جێگای دەستخۆشییە، کەخەڵک جیاواز لە پێشووتر گڵۆپی زیادەی حەوشە و بەردەرگاکانیان کوژاندووەتەوە. کەچی میدیای سەقەت وەک توانجێک ڤیدیۆکەی بڵاو کردووەتەوە، گوایە لەبەر گرانی نرخی کارەبایە!
بۆ زانیاریتان، ڤیدیۆکەی گەڕەکەکەی هەولێر، ڕێک هاوشێوەی هەر گەڕەکێکی ئەوروپایە!
من لە ئەڵمانیا دەژیم، لەم گەڕەکەی ئێمەدا ڤێلای تێدایە نرخەکەی سەروو 5 ملیۆن دۆلارە، تەنیا حەوشە و باخچەکەی سەدان مەتر دەبێت و ڕەنگە بە لای کەمەوە 15 ژووری تێدابێت، بەڵام لە دوو یان سێ گڵۆپ زیاتر نابینیت دابگرسێنن! هەموو ماڵەکانی تریش هەمان شێوەن.
ئەمە پەیوەندی بە حکوومەت و گرانی و هەرزانی نرخی کارەباشەوە نییە، بەڵکوو بەگشتی خەڵکی ئێرە هۆشیارن، بەشی ئەوە لە دنیا تێگەیشتوون کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هیچ شتێکدا ناکەن، بەتایبەت وزە بەشێوەیەکی گشتی.
ئەوروپییەکان بە گشتی و ئەڵمانییەکان بە تایبەت، گەر خاوەنی دۆلارێک بن، یان خاوەنی ملیۆنان دۆلار بن، بەڵام هەرگیز ئامادەنین گڵۆپێکی زیادە لە ماڵەکانیاندا داگیرسێنن!
لەبەر ئەوەنا کە ڕەزیلن، لەبەر ئەوەش نییە کە نرخی کارەبا زۆرە، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە کە هۆشیارن و زۆرباش دەزانن ژیانی خۆیان ڕێکبخەن و قەدری پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی ژیانی رۆژانەیان دەگرن.
ڕۆژانە دەبینم کابرای ئەڵمانی بە ئۆتۆمبێلی(پۆرش) کە نرخەکەی زیاتر لە 200 هەزار دۆلارە، دێتە مارکێتەکان و دوو تەماتە و خەیارێک و هەنارێک و دوو یان سێ دەنک هەرمێ دەکڕێت و دەڕوات، بۆ تەواوی پێداویستییەکانی تریش بە هەمان شێوەیە، رۆژانە بازاڕ دەکەن و تەنیا بەشی رۆژێک یان ژەمێک خواردن دەکڕن و دواتر دیسان گەر پێویستیان بوو دووبارە بازاڕ دەکەن!
ئەمە وەکوو گوتم، لەبەر ڕەزیلی و نەبوونی و گرانی نییە، بەڵکوو ئەوان وا پەروەردەکراون، کە قەدری خۆیان و پێداویستییەکانی ژیان دەگرن، جا خواردن بێت یان ئاو و کارەبا، یان هەرشتێکی تر، هەرگیز زیادەڕۆیی ناکەن و تەنانەت گەر لە خواردنگەیەک ژمێک نان بخۆن و ژەمەخواردنەکەیان هەموو بۆ نەخورێت و کەمێکی بمێنێتەوە، ئەوا ئەو بەشە کەمەی دەکەنە زەرفێک و دەیبەنەوە بۆ ماڵ و دواتر دەیخۆن و فڕێی نادەن!
جا ئەمە پەیوەندی بە ڕەزیلی و گرانی و دەوڵەمەندی و هەژارییەوە نییە، کابرا کرێکارێکی شارەوانی بێت یان ملیۆنێرێک بێت، بەڵام ئامادە نین پاروویەک نان فڕێ بدەنە زبڵدانەکەیانەوە یان گڵۆپێکی زیادە داگیرسێنن.
ئەوان تەنانەت ئاوی باران لە تانکیدا کۆ دەکەنەوە و هاوینان بۆ ئاودانی باخچەکانیان بەکاری دەهێنن!
ئەمە لە کاتێکدایە ئەوەی کە لە ئەڵمانیا زۆرە و لەخۆی زیادە ئاوە، بەڵام وا پەروەردەکراون دڵۆپێک ئاو بە فیڕۆ نادەن، بۆ کارەباو و خواردن و هەموو پێداویستییەکانی تریش بە هەمان شێوەن.
کەچی زۆر بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش، میدیای سەقەت، چووەتە گەڕەکێکی هەولێر، کە کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین کراوە و خەڵکەکەی وا ئێستا خەریکە قەدری پارەکانی گیرفانیان دەگرن و لە گرنگی بەردەوامی خزمەتگوزارییەکە تێدەگەن، کەچی بەناوی میدیای پیشەییەوە، بە توانجەوە باس لەو کارەی هاوڵاتیان دەکەن، کە گڵۆپی زیادەی حەوشە و سەر دەرگای ماڵەکانیان کوژاندووەتەوە!
ئای لەوە؟!
ئەمە چی لۆژیک و عەقڵێکە و دەیەوێت چی پەیامێکمان پێ بڵێت؟!
دەتەنەوێت بە خەڵک بڵێن: مەسروفی زیادە بکەن و گڵۆپی سەردەرگا و پشت دەرگا و بەر دەرگاکان بە بەردەوامی داگیرسێنن؟!
ئەی هەر خۆتان نەبوون دەتانگووت:”هاوڵاتیان لەبەکارهێنانی کارەبا زیادەڕەوی دەکەن!”؟
یان بەمجۆرە سەقەتە دەتانەوێت رەخنە لە پڕۆژەکەی حکوومەت (پارتی) بگرن؟!
دەی ئەگەر وایە لە بری ئەوە، خۆ بینین و چاخواردنەوەیەک لەگەڵ کاک قوباد و کاک پاڤڵ بۆ ئێوە(کەناڵ8) زۆر ئاسانە و هیچی تێناچێت، ئەی بۆ پێیان ناڵێن بە کاک مەسروور یان پارتی هاوبەش و هاوپەیمانتانەوە بڵێن، با خاتری خەڵک بگرن و کرێی کارەبا کەمبکەنەوە!
یان دیارە کاک قوبادیش پڕۆژەکەی کاک مەسرووری زۆر بەدڵە و زۆریش بەباشی دەزانن، بۆیە وا ئەمڕۆش لە سلێمانی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە؟!
من بەلامەوە گرنگ نییە ئەم پرۆژە کێ خاوەنیەتی و سوودی کێی تێدایە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە خەڵک کارەبا و ئاو و هەموو خزمەتگوزارییەکی بە بەردەوامی هەبێت و قەدری بزانێت و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانیاندا نەکات.
لە بەرامبەریشدا ئەرکی حکوومەتە خزمەتگوزارییەکان بەباشترین شێوە پێشکەشی میللەت بکات.
کەوایە میدیاکان، لەم بارودۆخانەدا گەر نەیانتوانی ڕێگە ڕاستەکە و وێنە ڕاستەقینەکە بە خەڵک نیشان بدەن، واباشترە خۆیان بێدەنگ بکەن، چونکە وەک گووتراوە: “بەردێک، کە نەزان فڕێی بداتە گۆمێکەوە، بە دەیان زانا بۆیان دەرناهێندرێتەوە!”
کاکە لێگەڕێن با خەڵک تۆزێک هۆشیار بێت، کارەبا گران بێت یان هەرزان، کاتژمێرێک بێت یان 24 کاتژمێر، بەڵام هیچ لەو ڕاستییە کەمناکاتەوە، کە دەبێت زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکرێت.
رۆژنامەنووس هێمن حوسێن