کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە سلێمانی

بەگوێرەی بەدواداچوونێک، پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانیش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتا گەڕەکی تووی مەلیک، سیستمەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06ـی ئاداری 2025) بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، “بەشێکی بازاڕی سلێمانی پێشتر کراوە بە 24 کاتژمێری، بەشەکەی دیکەشی مانگێکە کاری تێدا دەکرێت، تەواو کراوە و لە رۆژانی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.” 

لەبارەی گەڕەکەکانەوە، ئەو بەرپرسە گوتی “کارکردن بۆ کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکی تووی مەلیک دەستیپێکردووە، دوای ئەوێش گەڕەکانی هەمان سنوور، کارەباکەیان دەکرێتە 24 کاتژمێری.” 

کارەبای 24 کاتژمێری لەچوارچێوەی (پڕۆژەی رووناکی)ـدایە، کە 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.

بەگوێرەی پڕۆژەکە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەنتەری پارێزگاکان کارەبایان دەکرێتە 24 کاتژمێری و تاوەکو کۆتایی 2026، پڕۆژەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت.

بەگوێرەی کارەبای سلێمانی، پارەدانی کارەبای 24 کاتژمێری پێشوەختە نابێت، مانگانە لە رێگەی فەرمانبەرەوە لە گەڕەکەکان پارە کۆدەکرێتەوە، ئەگەر کەسێک پارەکە دوابخات، دووجار ئاگادار دەکرێتەوە و پارەکە رادەست نەکات، کارەباکەی دەبڕدرێت.

تاوەکو ئەمڕۆ نرخی کیلۆواتی کارەبای 24 کاتژمێری بە فەرمی یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام ئەو پارەیەی ئێستا لەو شوێنانەی کراون بە 24 کاتژمێری وەردەگیرێت بەمشێوەیەیە: 400 کیلۆواتی سەرەتا یەک کیلۆوات بە 80 دینار دەبێت، 400ـی دووەم 100 دینار و 400 سێیەم یەک کیلۆواتی بەرز دەبێتەوە بۆ 200 دینار”.

بەگوێرەی بەرپرسانی کارەبا، “ماڵێکی ئاسایی مانگێک نزیکەی هەزار و 200 کیلۆوات کارەبای پێویست دەبێت. هەندێک ماڵ کە گەورە بێت و ئامێری کارەبایی زیاتر بێت، زۆر زیاتریان پێویستە.” 

ئەگەر هەر ماڵێکی ئاسایی مانگانە هەزار و 200 کیلۆوات کارەبا لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بەکاربهێنێت، تێچووەکەی 152 هەزار و بەمشێوەیە دەبێت.

– ئەگەر ماڵێک لە مانگەکەدا تەنیا 400 کیلۆوات بەکار بهێنێت 32 هەزار دیناری بۆ دێتەوە.

– ئەگەر ماڵێک لە مانگەکەدا 800 کیلۆوات بەکاربهێنێت، 400 کیلۆواتی دووەمی 40 هەزار دینار دەبێت و بەگشتی 72 هەزار دیناری بۆ دێتەوە.

– ئەگەر ماڵێک لە مانگەکەدا 1200 کیلۆوات بەکاربهێنێت، 400 کیلۆواتی سێیەمی بەهاکەی 80 هەزار دینار دەبێت و کۆی پارەی یەک مانگی دەبێتە 152 هەزار دینار.

تاوەکو ئەمڕۆ، لە 17 گەڕەکی هەولێر پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری چووەتە جێبەجێکردنەوە و نزیکەی 65 هەزار هاوبەش تێیدا بەشدارن.

ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری، ئەمانەن: راپەڕین، نەورۆز، ماردین، نیشتمان، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، رزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی و راستی.

ھەواڵی زیاتر