بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران ئەمڕۆ هەشت سەنتەری جوانکارییان لەبەر نەبوونی مۆڵەتی تەندروستیی داخست.
چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، د.کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند: لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوونی تەندروستیی سۆران بەردەوامن لە چاودێریی سەرجەم ئەو شوێنانەی کە پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی لیژنەکانی تەندروستی نابن.
کامەران مەلا محەممەد، گوتیشی: هەر ئەمڕۆ هەشت سەنتەری جوانکاری بەهۆی نەبوونی مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستیی، داخران.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، ئاماژەی بەوەش کرد: تەنیا لەماوەی دوو هەفتەدا 36سەنتەر و نۆرینگە و دەرمانخانە، لەبەر پابەندنەبوونیان بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی، داخراون.
هەر دوێنی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تەنیا لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو 317 سەرپێچیان تۆمار کردووە.