ترەمپ: بە هەر جۆرێک بێت گرینلاند بەدەست دەهێنین

دۆناڵد ترەمپ داوا لە دانیشتووانی گرینلاند دەکات ببنە بەشێک لە ئەمریکا. ئاماژە بەوەش دەکات، بە هەر جۆرێک بێت گرینلاند دەکاتە بەشێک لە وڵاتەکەی.

رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، گوتارێکی لەبارەی سیاسەتەکانی ئیدارەکەی پێشکێش کرد.

ترەمپ لە گوتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی گرینلاند کرد و گوتی، “بەهێزەوە پاڵپشتی لە مافتان دەکەین بۆ دیاریکردنی داهاتووتان. ئەگەر بتانەوێت، ئێمە بە گەرمی پێشوازیتان لێدەکەین بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئێمە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بگرە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستمان بە گرینلاندە و لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین.”

هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهیچ شێوەیەک واز لە گرینلاند ناهێنێت: “بە هەر شێوەیەک بێت گرینلاند بەدەست دەهێنین. ئێمە دەتانپارێزین و دەوڵەمەندتان دەکەین. بەیەکەوە گرینلاند دەبەینە ئاستێک کە هەرگیز پێشتر بیرتان لێی نەکردووەتەوە.”

لەوکاتەوەی ترەمپ لە 20-1-2025 وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربووە، چەندین جار ویستی وڵاتەکەی بۆ کڕینی گرینلاند دەربڕیوە، ئەمە لە کاتێکدایە گرینلاند لەژێر سەروەریی دانیمارک دایە و ناڕەزایەتیی تووندی خۆیان بۆ ئەو داوایەی ترەمپ پێشانداوە.

ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند، بەدووری نازانێت هێز یان گوشاری ئابووری بەکاربێنێت بۆئەوەی گرینلاند بکاتە بەشێک لە ئەمریکا. 

رۆژی 27-1-2025، دانیمارک لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ رایگەیاند، دوو ملیار دۆلار بۆ ئاسایشی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکە تەرخان دەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، سێ کەشتی دیکەی جەنگی و درۆنی پێشکەوتوو دەنێرێتە هەرێمەکە و مانگە دەستکردەکانی بەرەوپێشەوە دەبات. 

ترەمپ لە 20ـی ئەم مانگە دەستبەکار بوو، رۆژێک دوای ئەوە، میوت ئێگید، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند رایگەیاند، گرینلاند دەیەوێت “هاوبەشێکی بەهێز” بێت بۆ ئەمریکا، بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکی گرینلاند نایانەوێت ببنە ئەمریکی.

چاوبڕینی ترەمپ لە گرینلاند دڵەڕاوکێی لە دانیمارک و سەرتاسەری ئەورووپا دروستکردووە.

ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکێتیی ئەورووپای 27 ئەندامییە و ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، زۆربەی ئەورووپییەکان حەپەسان بەوەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تەنانەت بیر لە بەکارهێنانی هێز دژی هاوپەیمانێک بکاتەوە.

دانیشتووانی گرینلاند 57 هەزار کەسن، بەڵام خاکێکی بەرفراوانە و سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکانی تێدایە.

گرینلاند هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە لە جەمسەری باکوور کە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیانی تێدا دەدەن. هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکە، کە گەورەترین دوورگەی جیهانە، لە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە نزیکترە وەک لە دانیمارک.

ھەواڵی زیاتر