دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەی ئازیزانی ڕاگەیاندووە و زیاتر لە سێ هەزار منداڵی بێ باوک لە هەرێمی کوردستان بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار هاوکاری دەکرێن.
پڕۆژەی “ئازیزان” لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕاگەیەندراوە و بەو هۆیە منداڵانی بێ باوک سوودمەند دەبن، لە نوێترین بەشی پڕۆژەکەش سێ هەزار و 562 منداڵی بێ باوک تێیدا سوودمەند دەبن و بڕی ملیۆنێک و 361 هەزار و 440 دۆڵاریان بەسەردا دابەش دەكرێت.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند:
– ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی ناوچەکە کە نزیکەی 13ساڵە بەردەوامین، هاوکات لە چەندین بواری پەروەدەیی و پێگەیاندندا هاوکاری منداڵانی بێ باوکمان کردووە، جگە لەو چالاکیەی کە ئێستا ئەنجام دەدرێت.
– هەوڵ دەدین پێش جەژن بەشی دووەمی پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، ئەویش بە هاوکاری مانگی سووری ئیماراتی کە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆڵار بەسەر زیاتر لە 11 هەزار منداڵدا دابەش دەکەین.
پڕۆژەی ئازیزان لە ساڵی 2012 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕاگەیێنراوە، تا ئێستا زیاتر لە 16 هەزار منداڵ سوومەند بوونە کە زیاتر لە 80 ملیۆن دۆڵار پێشکەشی منداڵان کراوە.